سوێدییەك دەڵێ نیو ملیۆن كورد ئەشكەنجەدران
كاوە ئەمین - سوێد
نووسەری سوێدی، ئۆلۆف گێ تاندبێری، لە كتێبەكەیدا بە ناوی ABC om Kurdistan، لە سەر زاری ئەفسەرێك كە ناوەكەی بە دوو پیتی S.T دەستیشانكردووە (1920 – 1977) شتێكمان بۆ دەگێڕیتەوە پڕ بە پێستی ئەو رووداوانەن كە لە باكووری كوردستان ڕوودەدەن، ئەویش گرتن و زیندانیكردنی ئەندامانی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی DTP و هێرشە سەربازییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان . لەو راپۆرتەدا هاتووە:"
"سەردەمی دوای جەنگی جیهانی دووەم بووە هۆی گۆڕانی سیستێمی یەك پارتی كە لەلایەن پارتی كۆمارییەوە كە ئەتاتورك دایمەزراندبوو، بنیاتنرابوو، ئەویش بە هیوای ئەوەی ئیتر بڕوا بە دواڕۆژ، گەشەكردنی ئابووری، نوێكردنەوەی كشتوكاڵ و گەشەكردنی پیشەسازی و هەروەها كەشوهەوایەكی سیاسی ئازادانە، بێتە ئاراوە. بەڵام كاتێك لیبراڵەكان بۆ جاری دووەم لە ساڵی 1955 دا هەڵبژاردنەكانیان بردەوە، پارتەكەی ئەتاتورك كە لەلایەن سوپاوە پشتیوانی لێدەكرا، نەیتوانی تەحەمولی ئەو سەركەوتنە بكات. ئەوەش بووە هۆی نائارامی لەو وڵاتە و سوپا دەستكێشە ئاسنینیەكانی لەدەست كردەوەو، لە ساڵی 1959 دا ژمارەیەكی زۆر خەڵكیان گرت، كە لە نێویاندا 59 كوردیش هەبوون". ئیتر دوای ئەوە هەتا ساڵی 1980، چەند جارێك كودەتای سەربازییان كرد و توركیا بووە وڵاتی جەنراڵەكان.
ئەوەی ئێستا لە باكووری كوردستان روودەدات، بە دەیان ئەندامی DTP كە چەندین بەرپرسی گەورەی ئەو پارتەشی تێدایە، خراونەتە زیندانەوە، درێژەی هەمان سیاسەتی نەژادپەرستانەی توركیایە دژی كورد، سوپای توركیا و پارتی دادوگەشەپێدان دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك بێ تۆڵە لەو كوردانە بكەنەوە كە دەنگیان بە خۆیان داوەو ئەردۆغان و پارتەكەیان لە باكووری كوردستان سووك كردووە.
جیاوازی رووداوەكانی ئەوسا و ئێستا لەوەدایە كە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بە تایبەتی لە ئەوروپا دەنگی خۆیان دژی تاوانەكانی توركیا بەرزكردووەتەوەو، دەیان پەرلەمانتار و پارتی سیاسی لە ئەوروپا بە گشتی و لە وڵاتێكی وەكو سوێد بەتایبەتی ئەو كارەیان شەرمەزار كردووەو داوا دەكەن رێز لە ئیرادەی گەلی كورد بگیرێت. یەكێك لە پەرەگرافەكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پەسەندكراوە دەڵێت:" نابێت هیچ كەسێك دووچاری ئەشكەنجە ببێتەوە و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و كەرامەتی بشكێنرێت و سزا بدرێت". هەرچەندە بەداخەوە نەتەوە یەكگرتووەكان خۆی كەڕ و كاس كردووە لەو تاوانانەی دژی كورد دەكرێن لەو وڵاتانەی كە كوردیان تێدا دابەشكراوە. ئۆلف تاندبێری نووسیویەتی كە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هەتا كاتی نووسینی كتێبەكەی 2008، نیو ملیۆن كورد لە توركیا ئەشكەنجەدراون.
لە زۆر ڕاپۆرتدا هاتووە و توركیایش نكۆلێ لێ ناكات، لە دوای ساڵی 1980 وە، زیاتر لە 20 هەزار كوردی وڵاتپارێز، بێسەروشوین كراون و هەزارانیش تیرۆر كراون كە بكوژەكانیان نادیارن، هەرچەندە ئەوەی تۆزێك هەستی مرۆڤایەتی تێدا بێت دەزانێ كە توركیا خۆی بە پلان ئەو خەڵكانەی كوشتووە.
شتێكی دیكە كە سوپای توركیای تەنگەتاوكردووە، شكستەكانیەتی بەرانبەر هێزی گەریلا، ئاخر توركیایەك كە دەیان ساڵە منداڵانی تورك و سەربازەكانی وا گۆشكردووە كە "یەك تورك بەرانبەر هەموو دنیایە"، بەڵام ئێستا دەبینن كە دووەم سوپای ناتۆ رۆژ نییە لە چیاكانی كوردستاندا كوژراو و بریندار رەوانەی خێزانە توركەكان نەكاتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە لایەنی كوردی تەنها باسی مافی پاراستنی رەوا دەكات و تەنها بەرگری دەكەن و لە پراكتیكدا شەڕیان وەستاندووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە، دەسەڵاتدارانی باشووری كوردستان بە وشەیەك ئەو تاوانەی دەرحەق گەلی كورد لە باكوور و پارچەكانی دیكەی كوردستان دەكرێت، ئیدانە نەكرد، بەڵام هەموو جارێك كە سەربازی تورك دەكوژرێن، لەلایەن حكوومەتی باشووری كوردستانەوە ئیدانە دەكرێن، هەروەها چالاكییەكی سەربازی ئەم دواییەی پەژاك لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە ئیدانە كرا، وەكو ئەوەی بەشێك بێت لەو حكومەتە، بەڵام ئەوە ساڵێك زیاترە ناوچەكانی بناری قەندیل بۆردومان دەكرێن و زیانێكی زۆر بە هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە گەیشتووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بە جددی و ئاشكرا ئیدانەی ئەو بۆردومانانەی نەكردووە.
هێزی سیاسی و سڤیلی كورد لە هەموو رۆژێك زیاتر ئامادەی چالاكی مەدەنیانەیە كە سەرنجی رای گشتی جیهان و تەنانەت توركیاشی بەلای خۆیدا راكێشاوە، ئەمەش بەو مانایە دێت كە كورد بەرەو سەركەوتن دەڕوات نەك بە پێچەوانەوە. ئاشكرایە كە توركیا و كوردیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە كێشەكە بە شێوەی سەربازی چارەسەر ناكرێت و ناشبێت ئەو كێشەیە هەروا بە هەڵواسراوی بمێنیتەوە، درەنگ یان زوو توركیا ناچار دەبێت پەنا بۆ دانوستان ببات، رەنگە ئەوە دوا تیر بێت كە حكوومەتی ئاكەپە بیهاوێژێت، دەنا كورد رێگای دیكەیان هەیە بیگرنە بەر. رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی تورك ئەحمەد ئاڵتان لە دوا وتاری خۆیدا كە لە رۆژنامەی تەرەف بڵاویكردووەتەوە، لەسەر ئەشكەنجەی منداڵێكی كورد لە جۆلەمێرگ رووی دەمی دەكاتە حكوومەتی توركیا و دەنووسێت:" گەر تۆ ئەو خەڵكە هەمووی بە دوژمن بزانیت و گوندەكانیان بسووتێنیت و ژنەكانیان هەتك بكەیت و پیاوەكانیان بخەیتە زیندان و سەری منداڵەكانیشیان پان بكەیتەوە، ئەوا ئەو خەڵكە دەچنە سەر شاخەكان، سەریش كەوتن". رەگەزپەرستی هەرچەندە گوڕ بداتە خۆی و نكۆڵی لەوی دیكە بكات، دواجار هەر رووبەڕووی شكست دەبێتەوە، باشترین نموونەیش سیستێمی رەگەزپەرسی ئاپارتایتی ئەفریقای باشوورە، ئەوەتا ئەو پارتەی كە بە دەیان ساڵ مۆری تیرۆریان پێوە نا، كۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریقا، ئێستا بووەتە دەسەڵاتدار. بێگومان پارتی كرێكارانی كوردستان و DTP، هەمان چارەنووسیان دەبێت و رۆژێك دێت كە دەبنە حاكمی تەواوی باكووری كوردستان.